پارتی هەڕەشە لە ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان دەکات

ئەم بابەتە 520 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

پارتی دیموكراتى كوردستان رێگه‌ به‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كانى كه‌مپه‌كانى سنورى پارێزگاى دهۆك نادات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قه‌زاى شه‌نگال و هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ ئاواره‌كان كردووه‌ “تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ هیچ كه‌سێك و خێزانێك نیه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شه‌نگال و ده‌بێت ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی پارتی بده‌ن”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سایتی (متمانە) کەوتووە “نزیكه‌ی ٧٩ هه‌زار هاوڵاتی ئێزیدی خه‌ڵكی قه‌زای شه‌نگال و گوند و كۆمه‌ڵگه‌ ئێزیدی نشینه‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی سنوری پارێزگاى دهۆكن، پارتیش هه‌موویانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ هیچ كه‌سێك یاخود خێزانێك نیه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شه‌نگال و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هه‌موویان كردووه‌ ده‌بێت ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی پارتی بده‌ن، ئه‌مه‌ش ئاواره‌ ئێزیدیه‌كانی نیگه‌ران كردووه‌، چونكه‌ زۆرینه‌ى ئێزیدیه‌كان به‌هۆی ئه‌و كاره‌سات و خیانەتانەی به‌هۆى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە له‌ بەرواری ٣ى ئابى ٢٠١٤، دا به‌سه‌ریاندا هات، نایانه‌وێت ده‌نگ به‌ پارتى دیموکراتی کوردستان بده‌ن”.

سەرچاوەیەک بە (متمانە)ی ڕاگەیاند: “ئێزیدیه‌كان داوا له‌ رێكخراوه بیانی و ناوخۆییه‌كان ده‌كه‌ن هاوكاریان بكه‌ن به‌ڵكو بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، یاخود ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر رێگه‌ی پێنه‌دان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان، ئه‌وان به‌هیوان له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق رێكخراوه‌ بیانیه‌كان له‌ كه‌مپه‌كان چاودێری به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن، تاوه‌كو ئاواره‌كان بتوانن به‌ ئازادانه‌ ده‌نگی خۆیان بده‌ن”.

به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، وابڕیاره‌ لە برواری ١٢ى ٥ى ٢٠١٨، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجام بدرێت.