فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ هاته‌ده‌نگ

ئەم بابەتە 2,413 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆو ڕێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراق هاته‌ده‌نگ و به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیش له‌به‌غدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “پێشتر نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ فرۆشراوه‌، به‌ڵام خه‌ڵك توشی‌ نه‌هامه‌تی‌ بوه‌و بێ‌ ژیان بوه‌”، ده‌شڵێت:”تكا ده‌كه‌ین چیتر خه‌ڵك به‌و بابه‌ته‌وه‌ سه‌رقاڵنه‌كرێت و واز له‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ بێنن”.

(نه‌وزاد ڕه‌سوڵ) به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند، “ئه‌وانه‌ی‌ باس له‌ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆو فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن هه‌رێم له‌وه‌ زیاتر قازانج ده‌كات، ڕاست نییه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ تاقیكرایه‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو”.

وتیشی‌:”له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ ٢٠١٤وه‌ تائێستا هه‌رێم نه‌وت به‌ڕاسته‌وخۆو سه‌ربه‌خۆ ده‌فرۆشێت، به‌ڵام ڕۆژ به‌ڕۆژ ژیانی‌ هاوڵاتیان خراپتر بوه‌و خه‌ڵك توشی‌ نه‌هامه‌تی‌ بوه‌و بێ‌ ژیان بوه‌، بۆیه‌ تكا ده‌كه‌ین چیتر خه‌ڵك به‌و بابه‌ته‌وه‌ سه‌رقاڵنه‌كرێت و واز له‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ بێنن”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ یه‌كێتیی له‌به‌غدا ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، “به‌ر له‌ڕوداوه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌، هه‌رێم به‌نه‌وتی‌ كێڵگه‌كانی‌ (هاڤانا و بای حه‌سه‌ن)یشه‌وه‌ نه‌یده‌توانی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ خۆی‌ بدات به‌پاشه‌كه‌وتیشه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا له‌دوای‌ له‌ده‌ستدانی‌ نیوه‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌، دوباره‌ هاوڵاتیان به‌ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ سه‌رقاڵده‌كرێن”.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، “له‌ئێستادا عیراق داوای‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ له‌هه‌رێم كردوه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا ڕێكه‌وتنه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ٧ ترلیۆن و ٥٩٧ ملیار دینار ڕه‌وانه‌بكات ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌و داوایه‌ ڕازیبێت، پێشموایه‌ هه‌رێم به‌و پاره‌یه‌و به‌داهاتی‌ ناوخۆو ئه‌و نه‌وته‌شی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌توانێت زۆر له‌ئێستا باشتر موچه‌ دابه‌شبكات و ژیانی‌ هاوڵاتیان باشترده‌بێت”.