عەبادی و جیهانگیری: عێراق و ئێران پەیوەندییەکانیان لە هەموو ئاستەکاندا بەهێزە

ئەم بابەتە 479 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڵ ئیسحاق جیهانگیری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، گفتوگۆیانکرد دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانی لەسەرجەم بوارەکاندا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوێنێ چوار شەممە بڵاویکردەوە، عەبادی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی جیهانگیرین جەختیکردووەتەوە لە بوونی پەیوەندیی لە مێژینەی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دۆست.

عەبادی ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لە هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ ئێراندا لەسەرجەم بوارەکانی ئابوری و سیاسی و کلتوری و بازرگانیدا.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی نوسینگەی عەبادی، جیهانگیری ستایشی سەرکەوتنەکانی سوپاو هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە دژی داعش کردووە و ئاماژەی بە ڕۆڵی عێراقیش کردووە لەسەر ئاستی ناوچەکە.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق دەوڵەتێکی گرنگ و گەورەیە و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵیدا بەهێز و چەسپاوە، جەختیشیکردووەتەوە لەوەی کە ئێران لە پاڵ عێراقدا دەوەستێتەوە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردەوە شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی ئیسحاق جەهانگیری و بە یاوەری هەریەکە لە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە و محەممەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و مەحمود حوججەتی وەزیری کشتوکاڵی ئێران، بە سەردانێکی سێ ڕۆژە گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق.