عەبادی: بەم نزیکانە فەرمان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەردەکرێت

ئەم بابەتە 4,205 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمشەو لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ڕێوشوێنە هونەرییەکانی گێرانەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەستیپێکردووە و بەم نزیکانەش فەرمانێکی دیوانی بۆ ئەو مەبەسەتە دەردەکرێت.

لەلایەکی ترەوە ئیسحان شممەری راوێژکاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند “لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا فەرمانێکی دیوانی دەردەچێت بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم، دوای ئەوەی ڕێککەوتن کراوە لەسەر دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی بەسەریاندا”.

ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە ٦ ئازار حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کۆنگرەی هەفتانەى خۆیدا ڕایگەیاند، پێش نەورۆز موچەى بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرین و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەکەینەوە.

حەیدەر عەبادی ڕاشیگەیاند، پڕۆسەى ووردبینى سەرجەم وەزارەتەکان زۆری پێدەچێت و لە ئێستادا موچەى فەرمانبەران دەنێرن و پرۆسەی ووردبینیش بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاند، ئەوان فڕۆکەخانەکانیان بۆ سزادانى خەڵکی کوردستان دانەخستووە و پێش جەژنى نەورۆزیش فڕۆکەخانەکانیش دەکرێنەوە.

وتیشی، لە هەموو جیهاندا گەشتە نێودەوڵەتییەکان لەژێر دەستى حکومەتى فیدراڵیدایە و ئیمەش تەنها مەرجمان ئەوەیە لەژێر دەستى ئێمەدابێت.

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی عێراق بە بڕیارێک دوو مانگی تر راگرتنى گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی درێژکردەوە.

بە بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە  کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا داخران، ئەمەش وەک سزادانێک لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.