توێژه‌رێكى سیاسى: نه‌وشێروان مسته‌فا گۆڕانیشى له‌گه‌ڵ خۆى دا له‌ گۆڕنا

ئەم بابەتە 1,028 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

توێژه‌رێكى سیاسى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، گۆڕان هێزى گۆڕانكارى له‌ده‌ستداوه‌ و به‌سه‌ر دوو باڵدا دابه‌شبووه‌ باڵێك هه‌وڵى چه‌سپاندنى ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌یى بوون ده‌ده‌ن و (عومه‌رى سه‌ید عه‌لی)ش ته‌ماشاكه‌ره‌، باڵێكى تریش به‌سه‌ر په‌رشتى (عوسمانى حاجى مه‌حمود و قادرى حاجى عه‌لى) به‌ر به‌ره‌كانێى دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

عه‌لى ناجى، توێژه‌رى سیاسى و شاره‌زا له‌ له‌ كارو بارى كورد و به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب، دانیشتوى وڵاتى فه‌ره‌نسا له‌وتارێكى دیكۆمێنتارى شیكارى دا، به‌ناونیشانى (نه‌وشێروان مسته‌فا گۆڕانیشى له‌گه‌ڵ خۆى دا له‌ گۆڕنا) له‌مالپه‌ڕى خه‌به‌ر ٢٤ به‌زمانى عه‌ره‌بى بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵیت.دواى ده‌ستله‌كار هه‌ڵگرتنى نه‌وشێروان مسته‌فا له‌یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، شه‌قامى كوردیى ئومێدى گه‌وره‌ى هه‌بوو گۆڕانكارى سیاسى و ئابورى و شكاندنى به‌سته‌ڵه‌كى دابه‌شێنه‌یى حزبى نێوان یه‌كێتى و پارتى كه‌ له‌ ساڵى ١٩٩١ه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ڕوبدات.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووە، بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ى ماكینه‌ ئیعلامیه‌كه‌ی و وزه‌ى گه‌نج و كادیره‌ شاره‌زا و لێدوانه‌ ئاگرینه‌كانى ڕێكخه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ دۆسییه‌كانى گه‌نده‌ڵى به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستى پێكرد، خه‌ڵكى له‌ده‌ور كۆبوه‌وه‌ كه‌ هیچ حزبێكى سیاسى پێشتر نه‌یتوانى بو به‌م شێوه‌یه‌ له‌هه‌مو ناوچه‌كانى كوردستان ده‌ستكه‌وتێكى له‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستبخات.

توێژه‌ره‌ عه‌ره‌يه‌كه‌ وتوشییه‌تى، گۆڕان گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى ئاستى داخوازیه‌كانى بگاته‌ گۆڕینى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم و دڕاندنى وێنه‌كانى و سوربونى له‌سه‌ر گۆڕینى سیستمى حوكم له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانیى و ڕه‌خنه‌ گرتنى له‌ڕه‌شنوسى ده‌ستور و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بۆ په‌رله‌مان كه‌ یه‌كێتى وپارتى هه‌مو شتێكیان له‌وباره‌وه‌ بڕاندبویه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى باشتر كردنى باروگوزه‌رانى خه‌ڵكى و خزمه‌تكردینان خواستى سه‌ره‌كى بوو.

عه‌لى ناجى نوسیویه‌تى، به‌رهه‌مى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنى ٢٠١٣ ى په‌رله‌مانى كوردستان ٢٤ كورسیى بوو، دواى ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌شى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و چه‌ند وه‌زاره‌تێكى هه‌رێم و چه‌ند كورسیه‌كى ترى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ده‌ستهێنا و پێش یه‌كێتى نیشتیمانى كه‌وت، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان قورسایه‌كى گه‌وره‌ى هه‌بو تا واى لێهات وڵاتانى ده‌وروبه‌ر ناچاربون وه‌كو لایه‌نیكى سیاسى له‌هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانى كورددا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن.

له‌درێژه‌ى وتاره‌كه‌ى دا توێژه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌, دواى ده‌ركردنى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانى له‌حكومه‌ت و دوباره‌ تێكچونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى دا، جارێكى تر ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى و ئۆپۆزسیۆنبونى به‌رز كرده‌وه‌، تا مه‌رگى ڕێكخه‌ره‌كه‌ى له‌ ئایارى ٢٠١٧ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵویسته‌ى به‌رده‌وام بوو، له‌گه‌ڵ مه‌رگى نه‌وشێروان مسته‌فاشدا بزوتنه‌وه‌كه‌ هێزى گۆڕانكارى و هه‌ڵویسته‌كانى به‌ڕووى ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌دا كۆچى كرد و دواتریش سه‌ركرده‌ و كادیره‌كانىیشى هه‌ندێكیان پێیانباشه‌ بچنه‌ ماڵه‌وه‌ دابنشین به‌هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكانى تر كه‌ له‌ئاستى خۆیاندا نایزانن براوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، یان هه‌ندێكیان له‌ڕووى سیاسیه‌وه‌ پێوه‌ندى پچڕاندوه‌ و ته‌نها په‌یوه‌ندیه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ماوه‌ و جاروبار سه‌ردانى مه‌كۆى سه‌ره‌كى ده‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ى سه‌ردانى چاخانه‌یه‌ك بكات بۆ به‌سه‌ر بردنى كات و باس كردنى بیره‌وه‌رییه‌كانى ڕابردوو.

عه‌لى ناجى له‌وتاره‌كه‌شى دا ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردوه‌، ئه‌مڕۆ گۆڕان له‌لاى نه‌وه‌ و لایه‌نگره‌كانى وه‌كو جاران نابینرێت به‌ڵكو كه‌مترین سه‌نگ و قورسایشى نیه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى به‌سه‌ر باڵى هه‌ڵۆ و كۆتره‌كاندا دابه‌ش بوون و سێیهه‌میان نیه‌، یا ئه‌وه‌تا بچنه‌ باڵیكه‌وه‌ و ململانێى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌بنه‌ماڵه‌یى بون بكه‌ن و له‌گه‌ڵ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌دا پاڵى لێبده‌نه‌وه‌ وه‌كو ته‌ماشاكه‌ر بڕوانن، یان ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ باڵى دووه‌م دا بن كه‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ى خاوه‌ن ئه‌زمونێكى سه‌ربازى یه‌ و دووه‌مین كه‌سیى ناو گۆڕانه‌ ئه‌ویش عوسمانى حاجى مه‌حموده‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ى دا قادرى حاجى عه‌لى كه‌ ئه‌ویش خاوه‌نى ئه‌زمونێكى ئه‌منى و پێوه‌ندیه‌كى فراوانى هه‌یه‌ بمێننه‌وه‌.

توێژه‌ر جه‌ختیشى كردۆته‌وه‌، بیرجیایى و جیاوازى له‌دیدو بۆچوندا له‌نێو هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌ و گروپ و حزبێكدا سود به‌خشه‌ گه‌ر نه‌گاته‌ قۆناغى دژایه‌تى و پاكسازى كردن وسڕینه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر و زیانگه‌یاندن به‌ هاوڕێى ڕێگاكان وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستا له‌گۆڕاندا ڕوده‌دات, ئه‌مه‌ش وامان لێ ده‌كات گۆڕانیش بخه‌ینه‌ ناو لیستى ئه‌و حزبه‌ كوردیانه‌ى كاتێك ناوى شه‌قامێك ده‌هێنرێت بیر ده‌كه‌ونه‌وه‌ یان ناوى سه‌ركرده‌كه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ خۆى دا هه‌مو شتێك ده‌ڕوات بهینریت بیرده‌كه‌ونه‌وه‌.

سەرچاوە: سنور ميديا