لێدوانی ئەڵمانیا لەسەر داواکەی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم

ئەم بابەتە 2,139 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەسەر داواکەی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، ئەگەر داوایەکی لەو جۆرەیان لەڕێگەی ئینتەرپوڵ یان دوولایەنەوە لێبکرێت، ئەوا پێویستیان بە پلانێکی لێکۆڵینەوەی ورد هەیە.

ماڵپەڕی (DW)ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، جۆهان دیمرۆس لە بەرلین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە “حکومەتی ئەڵمانیا لە بارودۆخێکی ئاوادا هەموو ئەو خاڵانە لەبەرچاو دەگرێت کە پێویستن.”

هاوکات ناوبراو ڕەتیکردەوە هیچ کۆمێنتێکی دیکەی تایبەت بە داواکەی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم بدات.

ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس دوێنێ بڵاویکردەوە، تورکیا داوایەکی ئاڕاستەی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە و تیایدا داوای لێکردوون، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا “پەیەدە” دەستگیربکات، کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە بەرلین بینراوە.

ئەو داوا نوێیەی تورکیا لە دژی ساڵح موسلیم لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو کۆماری چیک ساڵح موسلیمی ئازادکرد، دوای ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژ بوو لەسەر داوایەکی حکومەتی تورکیا دەستگیرکرابوو لەو وڵاتە.

کۆماری چیک داوای لە ساڵح موسلیم کردبوو، لەناو خاکی یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامادەی ئەو دانیشتنانەی دادگا بێت کە باس لە چارەنووسی دەکەن.

تورکیا لە مانگی ڕابردوودا ساڵح موسلیمی خستە لیستی ئەو داواکراوانەوە کە دەیەوێت دەستگیریان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاریکردووە لە بەرامبەر دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی بە ئەنقەرە.