چەند زانیارییەك لەسەر گەندەڵییەكانی نوسینگەی هەرێم لە بەلجیكا

ئەم بابەتە 1,842 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

سەرتیپ جەوهەر

ئەوەی لە بەلجیكا رویدا، دەرهەق بە (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێرو دلاوەر خالید ئاژگەیی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی تەنی، رەنگە لە (١٠٠٠) كەسەوە ئەو پارچە ڤیدیۆیانەم بۆ هاتبێت، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە زۆر كاریگەر بووە لەكۆمەڵگای كوردەواریی، هاوكات بەڵگەی ئەو كاردانەوەیە كە لەكۆمەڵگا بەرامبەر حوكمڕان و كاربەدەستانی هەرێم هەیە، بۆیە سەرنج و تێبینی و رەخنەكان بەشێكیان زۆر توندبوون.

من قسە لەسەر پارێزگاری هەولێر ناكەم، پێموایە قسەی ئەو دوو هاوڵاتیەی ئەوێ، بۆمن و هیچ كەس هیچی نەهێشتۆتەوە، ئەوە بۆ خەڵكی هەولێر جێدەهێلم.

سەبارەت بە(دلاوەر خالد ئاژگەیی) كە لە ٢٠١٣وە نوێنەری حكومەتی هەرێمە لە بەلجیكا، قسەوباس و بەڵگەی زۆر بەردەستن، بەڵام بۆ پاراستنی سەرچاوەی زانیارییەكان لەفەرمانگەی پەیوەندییەكان ناشێت بڵاویان بكەینەوە.

جارێ‌ بەرلەهەموو شتێك ئەو فەرمانگەیەی بەناوی دەرەوەی حكومەتی هەرێم ناونراوە، ئۆرگانێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە نەك حكومەت، تەنها یەك كاربەدەست یان فەرمانبەری غەیرە پارتی لەوێ‌ نییە، هۆكاری ئەم دۆخەش، بێگومان لەئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەردەمێك بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستانە چ لەحكومەت، چ لەپەرلەمان، كە ئەم فەرمانگەیە نەك فەرمانبەرانی، بەڵكو كۆی كارەكانی لەخزمەت پارتی دیموكراتی كوردستاندایە.

ئەو وەفدانەی دێنە هەرێمی كوردستان هەر لەنوسینگەكانی هەرێم لەدەرەوە بەرنامەی كاریان بەشێوەیەك رێكدەخرێت تەنها كاربەدەستانی پارتی لە هەرێم ببینن، هەروەها بازرگان و وەبەرهێنەرانی بیانی لەهەولێر گلدەدەنەوەو هەندێجار لەڕێی رێوشوێنی ئیدارییەوە رێیان لێگرتوون روبكەنە سلێمانی و گەرمیان!! ئەو وەفدانەی لەهەرێم سەردانی دەرەوە دەكەن، تەنها كاربەدەست و كادرانی پارتین لە حكومەتی هەرێم.

ساڵانە هەزاران دۆلاری بە گوڵ و گوڵزار بۆ نوسینگەكەی خەرجكردووە.

ئەوەی پەیوەندی بەو نوسینگەی هەرێمەوە هەیە لە بەلجیكا، كە زیاتر وەك نوسینگەی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵسوكەوتیان كردووە، گرفتی زۆر هەیە، دیارترینیان دەكرێت لەم خاڵانە كۆبكەینەوە:

١- ئەوانەی دەیانەوێ‌ سەردانی كوردستان بكەن بەتایبەت كوردانی باكورو رۆژئاوای كوردستان، تەنها ڤیزە بەو كەسانەوە دەدرێت كە دڵنیان لەپەكەكە یان پەیەدە، یان ئەو لایەنە نەیارانەی پارتی لە باشور نزیك نین، بۆنمونە بەپێی بەڵگەنامەكان، ناوچەی حزبیی پارتی لە ئەورەپا نوسراوی بۆ نوسینگەی حكومەت كردووە ڤیزە بدرێت بەژمارەیەكی زۆر ئەوانەی لەپارتی نزیكن یان هەر ئەندامی پارتین! واتە ڤیزە لەڕێی حزبەوە دەدەن بە كوردانی باكورو رۆژئاوای كوردستان، هەیشە داوی ڤیزەی پێشكەشكردووە، لەبەرئەوەی لەخێزانێك یان كەسێكی نەیاری پارتییەوە نزیكە، داواكەی رەتكراوەتەوە!!

٢- كەس نازانێت موچەی فەرمانبەرانی نوسینگەكە چەندە، لەكاتێكدا بەشێك لەفەرمانبەرانی نوسینگەكە گرێبەستەو پێویستە رێكاری قانونی و شەفاف هەبێت بۆ گرێبەستەكانیان و ئەو پارەیەی مانگانە پێیان دەدرێت؟

٣- ماوە ماوە بەبیانوی هێنانی وەفد، لەهەر سەفەرێك دەیان هەزار دۆلار خەرجدەكرێت، لەكاتێكدا ئەو وەفدانە هیچ كاریگەریان بۆ خەڵكی كوردستان نییەو ئەوانەی دەهێنرێنە كوردستان هیچ رۆڵێكیان نییە لەئەوروپا.

٤- بودجەی نوسینگەكانی حكومەتی هەرێم كەمكراوەتەوە یان هەر بڕاوە، كەچی هی ئەوان كراوەیەو لەهەر سەفەرێكی ئەو وەفدە بێ كەڵكانە پارەیەكی زۆر خەرجدەكرێت. ئەمە لەكاتێكدا نوسینگەی روسیا بەتەواوی داخراوە.

٥- پێویستە هەر سێ‌ مانگ جارێك راپۆرتێك لەبارەی خەرجی و داهاتی دارایی خۆیان پێشكەشی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لەهەولێر بكەن، بەڵام ئەو نوسینگەیە نەك ئەوەی نەكردووە، هەندێجار بۆ پڕكردنەوەی خەرجییە نادیارەكانیان بەوەسڵی لابەلا پڕیانكردۆتەوە، پێویستە چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن.

٦- نەریتی وەزارەتی دەرەوەی هەمو وڵاتێكە نوێنەرایەتییەكان ئالوگۆڕ دەكرێت بەڵام ئەو نوێنەرایەتیە ئەوە شەش ساڵە وەكوخۆیەتی و ئەو لێپرسراوە نەگۆڕدراوە.

٧- ئەو وەفدانەی دەیهێنێتە هەرێم جگە لەكاربەدەستانی پارتی كەسی دیكە نایان بینێت، وەفدی ئەوروپا هەبووە هاتۆتە هەرێم، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و راوێژكاری ئاسایشی هەرێم و وەزیری ناوخۆی بینیوەو گەڕاوەتەوە!!

٨- لەو كۆنفرانس و بۆنانەی رێكدەخرێت لە برۆكسل و چوارچێوەی دامودەزگاكانی یەكێتی ئەوروپا رێكدەخرێت، تەنها كادرانی پارتی لە كوردستان داوەت دەكات، لەو كۆنفرانسانەی بەناوی ئاوەدانكردنەوەو بەهاناوەهاتنی ئاوارەو لێقەوماوانی عیراق و كوردستان دەكرێت، خێرا نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی جێدەكاتەوە، هەروەك چۆن لە ٢٠١٥ لەكۆنفرانسێك كە هیچ پەیوەندی بەو رێكخراوە حزبییەوە نەبوو، خێرا ناوی ئەو رێكخراوە وەك ئۆرگانێكی كارا لەهەرێمی كوردستان داخڵی كۆنفرانسەكە كراو، جێی وتەیەكیشیان بۆكرایەوە.

٩- لەبۆنەو كۆنفراسە جیاوازەكانی ئەوروپا، تەنها نوێنەرانی پارتی وەك حزب لەوڵاتانی ئەوروپا داوەت و بانگهێشت دەكەن و خەرجییەكانیشیان بێگومان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە..

* بەڵگەكانی تایبەت بە پێدانی ڤیزە بە نوسراوی ناوچەی پارتی و وردەكاریی ئەو خەرجییە زۆرەی دەكرێت، پارێزراوە.