دەستەی دەسپاکی هەرێم: گەندەڵی ساڵی ڕابردووی وەزارەتەکانی هەرێم ئاشکرادەکات

ئەم بابەتە 12,194 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دەستەی دەسپاکی هەرێم کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (١٨٣) دۆسیەی گەندەڵی، بڕیاری دادوەری دەستەکەیان لەسەر جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، (وەزارەتی دارایی) بە (٧٦) دۆسیەی گەندەڵی لە پلەی (یەکەم)دایە و (وەزارەتی ناوخۆ)ش پلەی (دووەم)ی گرتووە لە هەبوونی (٥٠) دۆسیەی گەندەڵی و (وەزارەتی تەندروستی)ش بە (٢٤) دۆسیە لە پلەی (سێهەم)دایە.

هاوکات (وەزارەتی سامانە سروشتییەکان) لە ڕیزبەندی کۆتاییدایە کە تەنیا (٨) دۆسیەی گەندەڵی بڕیاری دادوەری دەستەکەیانی لەسەر جێبەجێکراوە.

سەرۆکی دەستەی دەسپاکیش دەڵێت، ساڵانە ڕاپۆرت دەدەنە پەرلەمان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆئەوەی ئەو بابەتانەی کە گرنگن ڕای گشتییات لێ ئاگاداربکرێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەسپاکیدا کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، باس لەوە کراوە، لە ساڵی (٢٠١٧)دا (١١٨) کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەو ژمارەیەش تەنها (٨٣) کەس دەستگیرکراون.

ئەندامێکی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پێداچوونەوە بەو ڕاپۆرتەدا دەکەن و ئەوە ڕوونە ئەو کێشە و گەندەڵیانەی هەیە لەلایەن (وەزارەتی دارایی)ەوە کراوە، ئەمە جگە لە گەندەڵییە گەورەکان کە لە (وەزارەتی سامانە سروشتییەکان)دا کراوە.

ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەسپاکی بڕی پارەی گەندەڵییەکانی بەپێی شارەکانی هەرێم بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە…

١- پارێزگای (هەولێر) لە پلەی (یەکەم)دایە لە زۆری گەندەڵی کە بە بڕی زیاتر لە (٧١٧) ملیار دینار گەندەڵی تیادا کراوە.

٢- پارێزگای (سلێمانی) لە پلەی (دووەم)دایە لە زۆری گەندەڵی کە بە بڕی زیاتر لە (٤٠) ملیار دینار گەندەڵی تیادا کراوە.

٣- پارێزگای (دهۆک) لە پلەی (سێهەم)دایە لە زۆری گەندەڵی کە بە بڕی زیاتر لە (١٨) ملیار دینار گەندەڵی تیادا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەسپاکی نزیکەی (٣٠) هەواڵدەری و زانیارییان هەیە لەسەر دۆسیەی (نەوت و فرۆشتنی نەوت) لە هەرێمی کوردستان ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا، (وەزیرێک و بریکاری وەزیر و دوو ڕاوێژکار و شەش بەڕێوبەری گشتی و شەش بەڕێوبەر و سێ سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان) تۆمەتبارکراون بە (گەندەڵی).