ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو

ئەم بابەتە 813 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

لەدەرئەنجامی ڕاپرسیەک کە لە هەرێمی کوردستان و شارو شارۆچکەکان ئەنجام دراوە هەستاین بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی هاوڵاتیان و کەم و کورتی و کێشەکان و ڕاوبۆچونیان لەسەر هەڵبژاردنەکان لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت دەنگیان پێبدەن لە هەڵبژاردنەکاندا.

لەم راپۆرتەدا هەوڵدراوە سود لە ئامار و بۆچونەکانی ئەم راپرسیە وەربگیرێت و ئاماژە بە خاڵە لاوازەکان بدرێت و بەر لە هەڵبژاردنەکان هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، سەرەتاش ئاماژە بەچەند راپرسیەک دەکەین لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جیاواز و ڕێژەو شێوازی دەنگدانی هاوڵاتیان دەخەینە ڕوو. لە ڕاپرسیەکەدا ٢٢٦٠ هاوڵاتی بەشداریان کردوەو وەڵامی چەند پرسیارێکی جیاوازیان داوەتەوە، ئەمەی خوارەوە ئەنجامی چەند ڕاپرسیەکە لەشاری سلێمانی و سەرەتا ئاماژە بەناوی لیستەکان و ژمارەی دەنگەکانیان دەکەین لەو شارە:

١. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکۆی ٢٢٦٠ دەنگ ٥٢٩ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە ڕێژەی ٢٧٪ی دەنگەکان.

٢. بزوتنەوەی گۆڕان ٢٢٥ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە لە ١٨٪ی دەنگەکان.

٣. پارتی٥٨ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە ٤٪ی دەنگەکان.

٤. یەکگرتووی ئیسلامی ٤٥ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە ٣٪ی دەنگەکان.

٥. کۆمەڵی ئیسلامی٣٤ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە ٢٪ی بەدەستهێناوە.

* شایانی باسە لە ١٦٪ی هاوڵاتیانی بەشداربوی ڕاپرسیەکە پێیان وابوە کە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکەن و لە٢٤٪یش جارێ بڕیاریان نەداوە. لە راپرسیەکەدا داوا لە هاوڵاتیان کراوە ئاماژە بەو سەرکردە سیاسیانە بدەن کە لایان کاریگەرە یاخود ئامادەن دەنگیان پێبدەن، ئەنجامەکەی بەمشێوەیە بوە:

١.بەرهەم ساڵح لەکۆی ٢٢٢٦دەنگ ٢٤٧ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە ڕێژەی لە ٢٠٪ی دەنگەکان.

٢. لاهور شێخ جەنگی ١٨٠ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە ڕێژەی ١٥٪ی دەنگەکان.

٣. نەوشیروان مستەفا ١٧٩ دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە ڕێژەی ١٥٪ی دەنگەکان.

٤. قوباد تاڵەبانی ٩٦ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە لە٧٪ی دەنگەکان.

٥. یوسف محەمەد ٥٧ دەنگی بەدەست هێناوە کە دەکاتە لە ٥٪ی دەنگەکان.

پاشان هەریەک لە (مەسعود بارزانی و سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر) دێن کە ڕێژەکەیان لەخوار لە ٥٪.

هەروەها لە ٤٢٪ی بەشداربوانی ڕاپرسیەکە پێیان وایە کەلەسەر بنەمای هەستی نیشتیمانی دەنگ ئەدەن و ڕێژەی لە ٢٨٪ی دەنگدەرانیش لەسەر بنەمای حزبی و لە٢٣٪ش لەسەر بنەمای خزمەتگوزاریەکان دەنگ ئەدەن.

* سەبارەت بە هۆکاری قەیران و کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە ٦٣٪ی هاوڵاتیان پارتی و بنەمالەی بارزانی بەهۆکاری قەیرانەکان دەزانن و بەڕێژەی لە ١٣٪ش پێیان وایە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە بەرپرسن لە قەیرانەکان.

هەروەها لە ٦٦٪ی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و شارەکە بەتایبەتی بە (زۆر خراپ) ناو دەبەن، قەیرانی دارایی و کێشەی نێوان حزبەکانیش بە هۆکاری سەرەکی دەزانن بۆ ئەو بارودۆخە خراپە.

ناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیان بەپێی ئەو راپرسیەی کە ئاماژەی پێدراوە لە ٦٥٪ی هاوڵاتیان پێیان وایە نەبونی خزمەتگوزاری ئاوو کارەباو ڕێگاو بان و هێڵی ئینتەرنێت و نۆرماڵ لەسەرەکیترین کێشەکانی هاوڵاتیان و کەم و کورتیەکانی هەرێمە.

هەروەها زۆرینەی بەشداربوی ڕاپرسیەکە کە ڕێژەیان لە ٧٦٪ە پێیان وایە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو نەیانتوانیوە بەڵێنەکانیان جێ بەجێبکەن کاتێ چونەتە دەسەڵاتەوەو لەئێستاشدا ناتوانن ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ بکەن کە بەخەڵکی ئەدەن.

سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ٢٤٪ی هاوڵاتیان بڕیاریان داوە بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن و دەنگ نەدەن لە ٧٪ی بەشداربوانیش هێشتا بڕیاریان نەداوەو یەکلا نەبونەتەوە.

سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری هاوڵاتیان لە ڕاپرسیەکەدا هاوڵاتیان بۆچونی خۆیان لەسەر ئەو سەرچاوەو ڕێگایانە خستۆتەڕو کە زانیاری و هەواڵی ڕۆژانەی لێوەردەگرن و کاریگەری هەیە لەسەریان.

ڕیزبەندی سەرچاوەکان بەمشێوەی خوارەوەیە:

(کەناڵی ئێن ئاڕتی بەڕێژەی لە ٣٧٪ ٢.سۆشیال میدیا و سایتەکان بە ڕێژەی لە ١٩٪ ٣. کەناڵێ ڕوداو بە ڕێژەی لە ٦٪ ٤. کەناڵی کەی ئێن ئێن بەڕێژەی لە ٤٪ ٥. کەناڵی کوردسات بەڕێژەی لە ١٪ ٦. کەناڵی گەلی کوردستان بەڕێژەی لە ١٪)