به‌رپرسێكی باڵای ئێران: ئێمه‌ سه‌دام حسێنمان له‌سێداره‌دا

ئەم بابەتە 1,589 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

به‌رپرسێكی‌ ئێرانی‌ ده‌ڵێت: “ئێمه‌ سه‌دام حوسێنمان له‌ سێداره‌ دا”. ئه‌و لێدوانه‌ له‌ ناوخۆی‌ عێراقدا كاردانه‌وه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسی‌ عێراق داوایكردووه‌، “سنوورێك بۆ شكاندنی‌ سه‌روه‌ری‌ عێراق له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ دابنرێت”.

حه‌یده‌ر مه‌لا، سه‌ركرده‌ له‌ به‌ره‌ی‌ عێراقی‌ بۆ گفتوگۆی‌ نیشتیمانی‌، رایگه‌یاند، “له‌ كاتێكدا به‌ توندی‌ لێدوانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ رۆشنبیری‌ شۆڕشی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ره‌حیم ئه‌زگدی‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، داواش له‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ده‌كه‌ین هه‌ڵوێستێكی‌ روون و راشكاوانه‌ی‌ له‌ باره‌ی‌ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ هه‌بێت، كه‌ زیان به‌ سه‌روه‌ری‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نن”.

ئه‌و سه‌ركرده‌ عیراقییه‌ به‌سه‌ركرده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: “عێراق به‌شێك نییه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ روانگه‌ی‌ تائیفیانه‌، كه‌ ئێران هه‌وڵده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌دا درووستی‌ بكات و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ دوای‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ رابردوویدا بگه‌ڕێت”.

حه‌یده‌ر مه‌لا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد “تاران درك به‌و راستییه‌ بكات، هه‌نارده‌كردنی‌ سیاسه‌تی‌ قه‌یران بۆ ده‌ره‌وه‌، كاردانه‌وه‌ی‌ نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر خۆی‌ ده‌بێت. له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ست ده‌كه‌ن، سیاسه‌تی‌ پاوانخوازی‌ ئێران له‌سه‌ر حسابی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌یه‌. ئه‌مه‌ش له‌ كۆنفرانسی‌ میونخ تایبه‌ت به‌ ئاسایش ره‌نگیدابوویه‌وه‌”.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر ره‌حیم پور ئه‌زگدی‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی‌ (ئوفق)ی‌ ئێرانی‌، رایگه‌یاندبوو، “كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران پشتیوانی‌ له‌ له‌سێداره‌دانی‌ سه‌دام حوسێنی‌ كرد، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكاییه‌كان هه‌وڵیانده‌دا پارێزگاری‌ بكه‌ن”.

باسیله‌وه‌شكردبوو: “ده‌ست له‌ كاروباری‌ وڵاتانی‌ دۆستی‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ وه‌رده‌ده‌ین. بۆ رووخاندنی‌ رژێمه‌ فه‌رمانڕه‌واكانیان، تا ده‌كه‌ونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتمان”.

هه‌روه‌ها وتبووی‌: “تا ئێستا پێنج تا شه‌ش وڵات له‌ ژێر كۆنترۆڵ و هه‌ژموونی‌ ئێراندان، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ ئه‌مریكا ده‌رچوون”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌، ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌: “ئێستا كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ فارسییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا”.