مانگانە بڕی یەک ملیار دینار دەدرێتە پاسەوان و ڕاوێژکارو فەرمانبەرەکانی مەسعود بارزانی

ئەم بابەتە 1,481 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

تا ئێستا ڕاوێژكارو فەرمانبەرەكانی سەرۆكایەتی هەرێم كە ژمارەیان نزیكەی (٢٠٠) كەسە لەگەڵ (٥) هەزار فەرمانبەر موچە وەردەگرن‌ و بودجەی مانگانەشی (١) ملیار دینارە‌ و نەبڕدراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە نزیكەی (٥) مانگە دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر ئەنجومەنی وەزیران‌ و پەرلەمان‌ و ئەنجومەنی دادوەری دابەشكراون.

كۆتایی مانگی (١٠)ی ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دابەشكران، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی دەبیندرێت تەنها (مەسعود بارزانی)، لەسەر كارەكەی نەماوەو تەواوی (فەرمانگە و فەرمانبەر و ڕاوێژكار و پاسەوانەكان)ی لە شوێنی خۆیان ماون‌ و بودجەی مانگانەی سەرۆكایەتییەكەش وەك خۆی ماوەتەوەو دەدرێت.

قادر ڕەزگەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند”بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم نەبڕدراوەو زیاتر لە (٣) هەزار و (٥٠٠) پاسەوان، پاسەوانەكانی مەسعود بارزانین‌ و ئێستاش مووچە لە سەرۆكایەتی هەرێم وەردەگرن”.

بەپێی زانیارییەكان كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەریگراوە “ڕاوێژكارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم زیاترن لە (٤٠) ڕاوێژكارن كە كورد و عەرەب‌ و بیانیشی تێدایە و موچەی مانگانەیان هەیە، هاوكات خەڵكی تر هەیە و فەرمانبەرە و بە پلە و موچەی ڕاوێژكار دامەزرێندراوە و نزیكەی (١٥٠) فەرمانبەریش لە سەرۆكایەتییەكەدا دەوام دەكەن. ئەمە لە كاتێكدا لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا نە باسی پاسەوان كراوە نە فەرمانبەر و نە ڕاوێژكار”.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: “جگە لە چەند فەرمانبەرێكی كەمی (یەكێتی) هیچ فەرمانبەرێكی لایەنەكانی تر لە سەرۆكایەتی هەرێم بوونیان نەبووە، بە مەرجێك پێشتر ڕێككەوتن هەبوو فەرمانبەری (لایەنەكان) لە سەرۆكایەتی هەرێم دابمەزرێندرێن”.

وتیشی”بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ موچە و پێداویستییەكانی مانگانە (١) ملیار دینارە”.

ئاماژە بۆ ئەوەشکردوە”یەك (لیوا) كە نزیكەی (١٥٠٠) پاسەوانن پاسەوانی سەرۆكایەتی هەرێم‌ و فەرمانگەكانی‌ و بەرپرس‌ و ڕاوێژكارەكانی دیكەی سەرۆكایەتی دەكەن‌ و لەگەڵ پاسەوانەكانی (مەسعود بارزانی) دەگەنە نزیكەی (٥) هەزار پاسەوان”.

ئێستا سەرۆك‌ و جێگری سەرۆكی هەرێم بوونیان نەماوە، بەڵام سەرۆكی دیوان كە (فواد حسێن)ە لە كارەكەی بەردەوامە و هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی: (كارگێڕی‌ و دارایی، هەماهەنگی‌ و بەدواداچوون، كاروباری یاسایی، پەیوەندییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی‌ و سكاڵا و ڕاگەیاندن) بە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بەستراونەتەوە و دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن.

بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: “سەرۆكایەتی هەرێم تەواو حزبی بووە و (مەسعود بارزانی) كردوویەتی بە دامەزراوەیەكی (پارتی دیموکڕاتی کوردستان) نەك (نیشتمانی)”.

وتیشی”سەرۆكایەتی هەرێم تەنها (پارتی دیموکڕاتی کوردستان) تێیدا ڕەنگی دابۆوە، ئەگەر چی وا دەبیندرا (یەكێتی)ش بەشدار بێت بەڵام وا نەبوو، تەنها پارتی دیموکڕاتی کوردستان ئەو دامەزراوە گرنگەی بەڕێوەدەبرد و هیچ فەرمانبەر و ڕاوێژكارێكی تری لایەنەكانی تری تێدا نەبووە”.

بەڵام، محەمەد عەلی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموکڕاتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، پێدگاری كرد لەوەی “ئەگەر فەرمانبەری لایەنەكانی تر لە سەرۆكایەتی هەرێمدا نەبوون ئەوا هی (یەكێتی) هەبوون چونكە جێگری سەرۆكی هەرێم یەكێتی بووە و ڕاوێژكار و فەرمانبەری هەبووە”.

مەسعود بارزانی، ساڵی (٢٠٠٥) بووە سەرۆكی هەرێم‌ و لە پەرلەمان متمانەی پێدرا، ساڵی (٢٠٠٩) بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی خەڵك بووەوە بە سەرۆكی هەرێم‌ و ساڵی (٢٠١٣) لە پەرلەمانی كوردستان بۆ (٢) ساڵ ماوەكەی درێژ كرایەوە، لە ساڵی (٢٠١٥) ئەنجومەنی شوورای هەرێم ماوەكەی بۆ درێژكردەوە و كێشەی یاسایی لە پۆستەكەیدا دروستبوو، دوای ڕیفراندۆمی هەرێم‌ی کوردستان لە مانگی (١٠)ی ساڵی (٢٠١٧)دا دەستی لەكار كێشایەوە.

س: ڕۆژنامەی (ژیان)