میدیای پارتی: بارزانی بووە بە گاندی و لەدوای ڕیفراندۆمەوە قسەناکات

ئەم بابەتە 3,127 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

گۆڤاری گوڵان بە مانشێتێکی گەورە ئاماژەی بەوەکردووە کە مەسعود بارزانی لە دوای ریفراندۆمەوە بەڕۆژووەو هیچ قسەیەک ناکات.

گۆڤارەکە کە زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە وێنەیەکی گەورەی مەسعود بارزانی بڵاوکردووەتەوە و بەگەورەیی لەسەری نوسیوە ” وەرزی دروێنەی دەستکەوتەکانی ریفراندۆم دەست پێدەکات، کۆدی بێدەنگییەکەی بارزانی لە رۆژووگرتنەکەی گاندی دەچێت”.

مەسعود بارزانی لە پاش ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلول، بەجارێک لە کایەی سیاسی پاشەکشەی کرد لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی (١٢) ساڵ بوو دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم نەدەبوو، بەڵام بەهۆی شکستی سیاسی و بەدەستەوەدانی بەشێکی زۆری خاکی هەرێم بە حکومەتی عێراق و ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەژێر فشارێکی گەورەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ناوچەییدا وازی لە پۆستەکەی هێنا.

ئێستا مەسعود بارزانی تەنها پۆستی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی هەیە و لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە و هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکان نییە.