یەکێتی بەرەو کوێ ؟

ئەم بابەتە 2,460 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

ئەو پرسیارەی کە لە ئێستادا بە گشتی شەقامی کوردی و کایەی سیاسی لە هەرێمدا دەیپرسێ ئەوەیە کە یەکێتی بەرەو کوێ دەڕوا ؟! وەک ئاشکرایە ئەم پرسە نەک هەر بۆ کادرانی حزبەکە خۆی بەڵکو پرسیارێکی گرنگ و ئەمڕۆیی شەقامی کوردیە. وەک ئاشکرایە یەکێتی لەم چەند ساڵەی دواییدا بە سەخترین قۆناغەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت لە ڕووی قەراری سیاسی و غیابی سەرکردایەتیدا.

هەر لەم ماوەیەشدا لەلایەن چەند سەرکردەو کەسایەتیەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بەتایبەت ئەنجومەنی ناوەندی حزبەکە هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ بەستنی کۆنگرە دوای ماوەیەکی زۆر. ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیادی و سیاسیەی کە بەرچاو دەکەوێت لەناو ئەو حزبەداو کادرانی یەکێتیش بەر لە بنەستنی کۆنگرە چەندین پێشنیار و ڕێگەچارەیان پێشکەش کردووە بۆ کۆنگرە لەپێناو دەرچوون لەو قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەی یەکێتی نیشتیمانی پێدا تێدەپەڕێت.

لە میانەی ئەو پێشنیار و چارەسەرانەدا زۆرینەی کادرانی ئەو حزبە پێیان وایە کە دەبێت کۆنگرەی ئەمجارەی حزبەکەیان بۆ هێنانەپێشی نەوەیەکی نوێ و خوێنی تازە بێت بۆ نێو ڕیزەکانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمە جگە لە گرنگیدان بەسەرجەم چین و توێژو کەمە نەتەوەیەتیەکانی تری هەرێمی کوردستان تاکوو یەکێتی بە گڕوتینێکی نوێ بەردەوام بێت و هەموو ڕەنگ و نەتەوە جیاوازەکان خاوەن قسە و بۆ چوونی خۆیانبن لە پێناوەی هەستانەوەی حزبەکەیاندا.