کەسایەتی جۆرج بوول بناسە

Image result for george boole

جۆرج بوول، بیرکارى زان و فەیلەسووفى بەریتانیە لەساڵى ١٨١٥ لەدایکبووە، شێوازێکى جەبرى بیرکارى داهێنا بەناوى”جەبرى لۆجیکى” کە بووە هۆى ئەوەى کە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژمارە، پیت، شت، دەربڕین و ئەگەرەکان دا کەوەک ژمارەى پوخت دەرکەون.
جۆرج لەخێزانێکى هەژاردا لەدایکبووە و تواناى خوێندنى نەبووە لەزانکۆدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیرەکیەکەى نەدەتوانرا لەخەڵکى بشاردرێتەوە، بەتەنها خۆى توانى فێرى زمانەکانى لاتینى، ئەڵمانى، فەڕەنسى و ئیتاڵى بێت، ئەو ئەرکى بەخێوکردنى خێزانەکەى بەسەردا سەپێنرابوو، لەتەمەنى ١٦ساڵیدا وەک مامۆستایەک وانەى دەوتەوە.
لەپاش تێپەڕبوونى چوار ساڵ لەوانە وتنەوەدا توانى خوێندنگایەکى تایبەت دروستبکات و لەلایەن خۆیەوە بەڕێوە دەبرا، دواتر گرنگیدا بەبیرکارى بەسوود وەرگرتن لەو توانا بەردەستانەى کە لەپەیمانگاى میکانیکدا هەبوون لەو شارەى کە ئەو تیایدا دەژیا، دەستیکرد بەخوێندنەوەى هەندێک کتێبى کۆمەڵێک زاناى وەک نیوتن، بییر سیمۆن لابلاس و جۆزێف لویس لاگرانج.
لەماوەیەکى کورتدا توانى دەستبکات بەتوێژینەوە تایبەتەکانى خۆى، لەساڵى ١٨٣٩ یەکەم توێژینەوەى لەگۆڤارى”کامبریدج ماتماتیکاڵ جۆڕناڵ”دا بڵاوکردەوە، ئەو ڕاپۆرتى توێژینەوەیەى ڕیگەدەر بوو لەسەپاندنى خۆى وەک کەسایەتییەکى گرنگ لەبوارى بیرکاریدا، سەرەتاى توێژینەوەکانى بریتى بوون لەزنجیرەیەک توێژینەوە کە بەرەو شتێک دەڕۆشتن بەناوى”جەبرى بولیانى”.
لەساڵى ١٨٤٧دا کتێبێکى بەناوى”شیکردنەوەى بیرکارى لۆجیکى”و دواتر”لێکۆڵینەوە لەیاساى ئەو بیرانەى کە بیردۆزە بیرکارییەکانى لەسەر لۆجیک و ئەگەرەکان بونیاد دەنرێن”لەساڵى ١٨٥٤دا نووسی، بوول گەشەى بەشێوازێکى نوێى لە لۆجیکدا ئەنجامدا بەجۆرێک پشتى بە کۆمەڵێک هێما و لەهەمان کاتیشدا یاسا بیرکارییەکان دەبەست. ئەم جۆرە نوێیە لەلۆجیکدا ئامانج لێى وەرگێڕانى بیر و تێگەیشتنەکان بوو بۆ هاوکێشەکان تاوەکو بتوانرێت یاساکانى بیرکارى بەسەریاندا جێبەجێبکرێن، پاشان وەرگێڕانى ئەنجامەکان لەسەر شێوەى لۆجیک ئەنجامبدرێن، بۆیە هەستا بە داهێنانى”جەبرى لۆجیکى”کە پابەند بوو بەهەندێک خەسڵەتى”ئاڵوگۆڕ و کۆکردنەوە”.
دانانى ئەم بیردۆزەش کە بەناوى بیردۆزى”جەبرى بولى” و هەروەها “جەبرى لۆجیکى” دەگەڕێتەوە بۆ زاناى بیرکارى بەریتانى”جۆرج بوول”، ئەم زانایە بیردۆزەکانى لەنیوەى سەدەى ١٩دا بڵاوکردەوە کە لەدوایدا بنەماى دیزاینکردنى بازنە لۆجیکیەکان بوو کە لەسەرى کۆمپیوتەر دروستکرا.
بول هەستا بەدانانى دوو کۆمەڵە بۆ جێبەجێکردنى بیردۆزەکەى لەسەریان، کە ئەوانیش”ژماردنى کۆمەڵەکان”و “ژماردنى کەیسەکان(بابەتەکان)”، لەڕیگەى ئەو دوو بەشەوە بینینى بیرکارى بول لەسەر بەکارهێنانى زانست وەک ژمارە بەکاردەهێنێت بۆ هەژمارکردنى لۆجیکەکەى خۆى، بۆیە لەپێش ئاماژەدان بەو دوو جۆرە دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئەو ئامڕازانە کامانە بوون کە بوول بەکاریدەهێنان لەکردراى هەژمارکردنى جەبرى لۆجیکیدا.
هێما کردارییەکانى بوول کە بەکاریدەهێنان :
 ١- بۆ هێماکردنى شت و بابەتەکان”x,y,z”ى بەکاردەهێنا کە کۆمەڵەکانى دەنواند.
٢- بۆ کردارە بیرکارییەکان هێماکانى”+, -, ×, ÷”بەکاردەهێنا وەک نەگۆڕى لۆجیکى، وە ئەرکى ئەم هێمایانە بریتى بوو لەدروستکردنى وێنا کردنى نوێ کە لەو وێنایانە پێکهاتبوون کە خۆمان دامان دەنان.
٣- هێماى پەیوەندى خودى داناوە کە ئەویش بریتى بوو لە نیشانەى”=” لەجەبرى ئاساییدا.
٤- بۆ ئاماژەدان بەکۆمەڵەى گشتى بەهاى”١”ى دانابوو کە ئەویش ڕۆڵى هەموو جۆرە شتە وێناکراوەکانى دەکرد بەشێوەیەکى سەربەخۆى تەواو چ جاى ئەم شتانە لەڕاستیدا بوونیان هەیە یان نا.
٥- بۆ نیشانەى کۆمەڵەى بەتاڵ و نەبوونى بەها”٠”ى داناوە، وە کۆمەڵەى بەتاڵیش بریتى یە لەو کۆمەڵەیەى کە هیچ ئەندام و پێکهاتەیەکى تێدا نیە.
٦- ئەگەر بڵێن کە x=x ئەوا ماناى وایە x تەواو هاوشێوەى X ە.
ئەوەى بوول کردى لەڕێگەى دەرکردن و هەڵسوکەوت کردن لەسەر بنەماى پوختى هێما خەونێک بوو زۆرێک لەفەیلەسووف و لۆجیکەکان خەونیان پێوە دەبینى، لە ئەرستۆوە تاوەکو لیبینز، لەڕێگەى ئەم کردارەوە دەتوانرێت دەرئەنجامە لۆجیکیەکان بەدەستبهێنرێن لەڕێگەى بیرکارییەوە.
بەشێوەی ئەنقەستى بێت یاخود نا لەلایەن بوولەوە، لەڕێگەى کردارەکانیەوە کۆمەڵێک بەشى تری لێوە جیابووەوە وەک کۆمەڵە، ژمارە دووانیەکان، گەردوونى ئەگەرى و بازنە ئەلیکترۆنیەکان، کارەکانى بوول بەجۆرێکى نوێ دانراون لەبوارى بیرکاریدا کە گونجاوە لەگەڵ بەرنامە و جێبەجێکارییەکانى کۆمپیوتەر و ڕێگاکانى خەزنکردنى زانیارى و گەڕانەوەیاندا، بەوەش بەکڕۆکى سەرەکى بونیادى جیهانى ژمارەیى دانراوە کە لەئێستادا جیهان پشتیپێدەبەستێت.
بوول لە٨ى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٨٦٤دا کۆچى دوایکرد.

ئەم بابەتە 239 جار بینراوە

کۆمێنتەکان

شەیر.