ژمارەی ئاوارەکانی موسڵ لەھەڵکشاندایە

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان رایدەگەیەنێت کە ژمارەی ئاوارەکانی موسڵ لەماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا بەشێوەیەکی زۆر زیادی کردووە و تەنھا لە رۆژی ٢ی ئەم مانگەدا نزیکەی ٤ ھەزار کەس لە خۆرھەڵاتی شارەکە ئاوارەبوون.

“یەنس لارکی” وتەبێژی نوسینگەی ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ژنێف رایگەیاند لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسلەوە کە رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستی پێکرد ١٣٥ ھەزار و ٥٠٠ کەس ئاوارە بوون و تەنھا لە رۆژی ٢ی ئەم مانگەشدا ٤ ھەزار کەس لە بەرەی خۆرھەڵاتی شارەکە ھەڵھاتون .

نەتەوەیەکگرتوەکان قەیرانی ئاوارەکانی موسڵی بە خراپترین شەپۆلی ئاوارەبوونی ھاوڵاتیانی مەدەنی عێراق وەسف کردووە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا،ھاوکات نیگەرانیشی دەربریوە لەوەی کە نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی تر ناتوانن ھاوکاری بگەیەننە بەرەی خۆرئاوای شاری موسڵ لەگەڵ ئەوەی کە دانیشتوانەکەی پێویستییەکی زۆریان بە کۆمەک و ھاوکاری مرۆیی ھەیە و لەگەڵ پێشرەوییەکانی سوپای عێراقیشدا تا دێت رەوشیان خراپتر دەبێت.

وتەبێژی نوسینگەی ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان راشیگەیاندووە تا رۆژی ٨ی ئەم مانگە وڵاتانی کۆمەک بەخش بری ٢٧٣ ملیۆن دۆلاریان بۆ قەیرانی ئاوارەکانی عێراق تەرخان کردووە و ئەوەش بەشی پێداویستی ٩٦ لەسەدی ئاوارەکانی موسڵ دەکات.

ئەم بابەتە 88 جار بینراوە

کۆمێنتەکان

شەیر.