ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لەبارەی داخستنی ڕێکخراوی یەزداوە هاتە دەنگ

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لەبارەی داخستنی ڕێکخراوی یەزدا هاتە دەنگ دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دهۆک داخرا.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و باسی لە داخستنی ڕێکخراوەکە کردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سێ ئەفسەری سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ستافی ئۆفیسی ڕێکخراوەکەیان وتووە کە ڕێکخراوەکەیان داخراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە دەسەڵاتدارانی حکومی وتوویانە ڕێکخراوی یەزدا دوای ئەوەی پێیان ڕاگەیەندراوە کە پابەندی یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تایبەت بە ڕێکخراوە ناحکومیەکان ببن داخراوە، ستافی ڕێکخراوەکەش ڕایگەیاندووە کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەو شێوەیەیان پێنەگەیشتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ، ستافی ڕێکخراوی یەزدا وتوویانە کە ئەفسەرەکان هیچ هۆکار و بەڵگەنامە و زانیارییەکیان نەداوە پێیان لەسەر ئەوەی ماوەی چەند ئۆفیسەکەیان دادەخەن و قفڵیان لە دەرگاکان داوە بۆ ڕێگریکردن لە ستافی ڕێکخراوەکە لە گەڕانەوەیان.
کەسێکی نزیک لە ڕێکخراوی یەزدا بە هیومان ڕایتس وۆچی وتووە، گومانی هەیە لەوەی بڕیارەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕێکخراوی یەزدا پلانی هاوکاریکردنی زیاتر لە سێ هەزار خانەوادەی شنگالی هەبووە بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان، ئەوەش وەک بەشێک لە پرۆژەی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هیومان ڕایتس وۆچدا هاتووە “بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ڕێکخراوێکی ناحکومی بەبێ هۆ و لە کاتێکدا کە ڕەچاوکردنی پێویستییە مرۆییەکان ڕووی لە زیادبوونە بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای داکۆکیکەری مرۆیی لە عێراق بێتەوە دەنگ.”
ئاماژەشی بەوە داوە کە پاش ماوەیەکی دیکە ئۆپراسیۆنی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکەوێتە مانگی سێیەمەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی جەنگەکەوە ئاوارەبوون نزیک بووەتەوە لە ١٣٠ هەزار کەس و ئەو کەمپانەش کە خێزانەکان لەخۆدەگرن جێگایان تێدا نامێنێت. ڕێکخراوە مرۆییەکان لە دابین کردنی پێداویستییەکاندا گرفتیان هەیە.
هیومان رایتس وۆچ ڕاشیگەیاندووە “لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی یەزدا هاوکاری گرنگی پێشکەش کردووە وەکو پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی لە باکووری عێراق کە ڕوبەڕووی تاوانەکانی داعش بوونەوە”.
ڕێکخراوی یەزدا ڕۆڵی هەبووە لە کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش بۆ قوربانییە ئیزدییەکان و پاراستنی کەرامەتیان لەوانەش نادیە موراد و ژنانی ئێزدی دیکە کە لە لایەن داعشەوە ڕفێنرابوون.
لە کۆتاییدا هیومان رایتس وۆچ بە پێویستی زانیوە کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە بڕیاری داخستنی ڕێکخراوی یەزدادا بکەنەوە و بڕیارەکانیان هەماهەنگ بکەن لەگەڵ هاوکاریکردنی مرۆییدا نەوەک ڕێگری کردن لێی.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی یەزدا ڕایگەیاند “ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی کانوونی دووەم بارەگای ڕێکخراوەکەمان  لە شاری دهۆک لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە داخرا”.

 

 

ئەم بابەتە 313 جار بینراوە

کۆمێنتەکان

شەیر.