واشنتۆن پۆست : ئۆباما ھۆکاری لەدەستدانی سەرکردایەتی ئەمریکایە

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا کە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتی یەک لە دوای یەکە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات لە ماوەی ٨ ساڵی رابردودا زۆرترین رەخنەی ئاراستە کراوە بە تایبەت لەو سیاسەتە دەرەکییەی کە لەو ماوەیەدا پەیرەوی کردووە.

رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست “ی ئەمریکی لە وتارێکدا ئۆبامای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە ئەمریکا بەھۆی ئەوەوە سەرکردایەتی لە جیھاندا لە دەستداوە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی ئێران و تورکیا و روسیای بە نمونە ھێناوەتە کە لە مۆسکۆ لەبارەی قەیرانی سوریاوە بەرێوەچوو لەوبارەیەوە نوسیویەتی کە ئەو کۆبوونەوەیە بێ ئامادەیی ئەمریکا بەرێوەچوو و تەنانەت ھیچ کام لەو سێ وڵاتە داواشیان لە ئەمریکا نەکرد کە ئامادەی کۆبونەوەکە بێت.

واشنتۆن پۆست وتەیەکی “وینستون چەرچڵ”ی بە بیر خوێنەراندا ھێناوەتەو نوسیویەتەی چەرچڵ کاتێک بووە سەرۆک وەزیری بەریتانیا وتی ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی ببێتە ھۆکاری لەبەریەک ھەڵوەشانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا ، نوسیویشیەتی دەبوو ئۆباما وانەیەک لەو وتەیەی چەرچڵەوە وەربگرێت و رێگە بەوە نەدات کە ئەمریکا بەبەرچاوی جیھانەوە سەرکردایەتی لەدەست بدات .

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بۆ رەوشی حەلەب کردووە و نوسیویەتی روسیا ئەوەی ویستی لە حەلەب بۆ بەرژەوەندی رژێمەکەی بەشار ئەسەد کردی و لەبەرامبەریشدا ئەمریکا ھیچی پێنەکرا ، تەنانەت لانی کەم نەشیتوانی ناوچەیەکی ئارام بۆ سەدان ھەزار کەسی سوریا دروست بکات کە رۆژانە لەلایەن رژێمەکەی ئەسەدەوە بە بەرمیلی بۆمبرێژ کراو بۆردومان دەکران .

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئۆباما ترسی ھەبووە لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتێکی تری خۆرھەڵاتی ناوەراست چونکە پێشتر ئەمریکا ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ عێراق و لوبنان ھەبووە و رەنگە ئۆباما نەیوستبێت کە خۆی لە زۆنگاوێکی تری خۆرھەڵاتی ناوەراست بدات .

سەرباری ئەوەش دەبوو بۆ رێگری کردن لە رشتنی خوێنی ھاوڵاتیانی مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئەو ھەزاران کۆچبەرەی کە رویان لە ئەوروپا کرد و ئێستا مەترسین بۆ ئاسایشی ئەو کیشوەرە دەبوو شتێکی بکردایە ، لە کۆتایشدا نوسیویەتی پێشەنگی و سەرکردایەتی ئەمریکا گرنگە بۆ پاراستنی ئاشتی لە جیھاندا .

ئەم بابەتە 198 جار بینراوە

کۆمێنتەکان

شەیر.