سینەما کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کلتور و سیاسەت ھەیە

Image result for cinema film

ڕۆژی 28-12 ھەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی جیھانی سینەما دەستنیشان کراوە, ئەمساڵیش سینەمای جیھان یادی 121 ساڵەی خۆی لە سەرانسەری جیھاندا دەگێڕێت.

لەو ڕۆژەدا تەواوی جیھان سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بۆ پێشوازیکردن لە بینینی نوێترین بەرھەمی سینەمایی، کە لەسەر ئاستی جیھانی بایەخێکی زۆری پێدەدرێت و تێیدا چەندین فیلم و کورتە فیلمی نوێ لە نێو ھۆڵەکانی سینەمادا نمایشدەکرێن، کە یادکردنەوەی ئەو کاتەیە کە برایانی لۆمێری فەرەنسی بۆ یەکەمجار کورتە فیلمێکیان بە ناوی گەیشتنی شەمەندۆفێر بۆ وێستگە لە کافتریایەکی پاریس نیشاندا.

بەڵام بەشداری ئەدیسۆن بۆ دروستکردنی یەکەمین ئامێری وێنەگرتن بووە ھۆی یەکەمین ھەنگاو بۆ بنیاتنانی کامێرای سینەما ئەو کارەش بووە ھۆی ھونەرێکی وەکو سینەما لە خەونەوە ببێتە ڕاستی.

وەک ئاشکرایە سینەما ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە گەیاندنی پەیامە جیاوازەکاندا بە کۆمەڵگە و جیاوازتر لە بوارەکانی تر دەتوانێت لە ڕێگەی دیمەنەکانەوە زۆرترین پەیام بگوازێتەوە بۆ بینەر.

یادی ڕۆژی جیھانی سینەما ھاوکاتە لەگەڵ ئەو گرژی ئاڵۆزیانەی کەئێستا لەزۆرینەی وڵاتانی جیھاندا لە ئارادایە، بە جۆرێک ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەیان لەسەر چیرۆک و شێوازی بەرھەمھێنانی فیلمەکان دروستکردووە، بەھەمان شێوەش سینەما وەک ھونەر کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەرجەم لایەنەکانی کلتور و فەرھەنگ و سیاسەت دروستکردووە.

لەو بارەیەوە (ڤلادیمیر لینین) ئاماژەی بە گرنگی و توانای سینەما داوەو باسی لەوەکردووە کە دەبێت ھونەری سینەما گرنگی پێبدرێت، لەو روانگەیەشەوە ئیسرائیلییەکان لە پێناو قەوارەی جولەکە و بەرەوپێش بردنی دۆزەکەیان تا بوون بەخاوەنی دەوڵەتی خۆیان سوودیان لە ھونەری سینەما وەرگرت.

لەم نێوەندەشدا نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە سینەمای ئەمریکی چ ڕۆڵێک دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ئەمریکادا، کاتێک ھێزەکانیان چوونەتە ھەر وڵاتێک چەندین فیلم سازیان بانگێشتکردووە و بۆ ئەوەی لەسەر ئۆپراسیۆنەکانیان چەندین فیلم بەرھەمبھێنن، تا لەو ڕێگەیەوە بانگەشەی ئەوە بکەن کە ھێزی ئەمریکا ھێزێکی فریاد ڕەسە بۆ تەواوی جیھان.

لەئێستاشدا کە شەڕی تیرۆرو ململانێی وڵاتە زلھێزەکان لەئارادایە، بەدیوێکدا سینەما بۆتە مەیدانی یەکلاییکەرەوەی ململانێکان، بەدیوکێکی کەشدا سینەما بۆتە بەشێک لەململانێکان، بەڵام کورد نەیتوانیوە وەک پێویست سود لەو ھونەرە وەربگرێت بۆ گێڕانەوەو بەدۆکۆمێنتکردنی ئەو دەیان کارەساتەی رووبەروی بۆتەوە.

ئەم بابەتە 317 جار بینراوە

کۆمێنتەکان

شەیر.