لە ٢٠١٦ دا ٥٧ ڕۆژنامەنووس لە جیھاندا کوژراون

بەھۆی ئەو جەنگە یەک لەدوای یەکانەی چەندین ساڵە لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست روویداوە، لەپاڵ قوربانیانی مەدەنیدا، توێژێکی گرنگ کە رووداوی جەنگەکانیان رووماڵکردووە رۆژنامەنووسانن.

لەو روەشەوە لەماوەی تەنھا ساڵی ٢٠١٦ و بەھۆی شەڕو ناکۆکییەکانەوە، ٥٧ رۆژنامەنووس لەمیانەی ئەنجامدانی کاروچالاکییەکانیان لەوناچانەی شەڕو ئاڵۆزی تیایدا دەگوزەرێت، لە جیھاندا کوژراون، کەلەنێو ئەو ژمارەیە ١٩ رۆژنامەنووس لە سوریا و ٧ی تریش لە عێراق کوژراون.

لەوبارەیەوە رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکانی ساڵی ٢٠١٦ی بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، ٥٧ رۆژنامەنووس لەسەرانسەری جیھاندا کوژراون.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژەی بەوەشکردووە، سوریا کە بۆتە پارچەیەک لە ئاگر تیایدا ١٩ رۆژنامەنووس کوژراون، دوابەدوای سوریا ئەفغانستان دێت، کەبەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان حکومەتی کابول و تیرۆریستانی تاڵیبان ١٠ رۆژنامەنووس کوژراون.

ھەر بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژە بەکوژرانی چەندین رۆژنامەنووسی تر کراوە کە مەکسیک لەپلەی سێیەمدا دێت و تیایدا بەتەنھا لەمساڵ ٩ رۆژنامەنووس کوژراون، ھەروەھا عێراقیش کە لەپلەی چوارەمدا دێت و بەھۆی ئاڵۆزییەکان و شەڕی داعش و پەلامارە تیرۆریستییەکانەوە، ٧ رۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون و پاشان بەھۆی شەڕی نێوان حکومەتی سەنعا لەیەمەن لەگەڵ حوسییەکان و تیرۆریستانی قاعیدە لەو وڵاتە، ٥ رۆژنامەنووس کوژراون.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەمساڵدا بەھەمانشێوە ٩ ھاوڵاتی نێردراوی دەزگا میدیاییەکان بۆ بەرەکانی شەڕ کوژراون، ھەروەھا ٨ یاریدەدەر لەگەڵ تیمە رۆژنامەوانییەکانیش بەھەمانشێوە کوژراون، بەو ئامارەش ژمارەی کوژراوان بەرزدەکاتەوە بۆ ٧٤ کوژراو، کەبەھۆی ئەنجامدانی چالاکییە رۆژنامەوانییەکانەوە کوژراون.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئەوەشی روونکردۆتەوە، ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو کوژرانی رۆژنامەنووسان کەمیکردووە، کە ساڵی ٢٠١٥ / ٦٧ رۆژنامەنووس کوژراون، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری ئەو رۆژنامەنووسانە لەو وڵاتانە ھەڵدێن کەبۆتە مەترسییەکەی گەورە بۆسەر ژیانیان، لەوانەش سوریا و عێراق و لیبیایە، ھەروەھا یەمەن و ئەفغانستان و بەنگلادیش و بۆرۆندیش، بەھەمانشێوە لەو وڵاتانەن کە رۆژنامەنووسان تێیدا بوونەتە قوربانی جەنگە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە.

ھاوکات رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانە لە وڵاتەکانی خۆیان کوژراون، جگە لە چوار رۆژنامەنووس نەبێت کە لەوڵاتێکی بیانی کوژراون.

بەپێی راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێ سنوور سوریا یەکەم وڵاتی خوێناوی بووە بۆ رۆژنامەنووسان لەساڵی ٢٠١٦دا، ھەروەھا لەماوەی ١٠ ساڵی رابردووشدا نزیکەی ٧٨٠ رۆژنامەنووس لەسەرانسەری جیھاندا کوژراون، کە بەڕای رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، ئامارێکی مەترسیدارە کەلە ١٠ ساڵدا ئەو ژمارە رۆژنامەنووسە بکوژرێت.

ئەم بابەتە 86 جار بینراوە

کۆمێنتەکان

شەیر.